دەمامک و ئایفۆن!
نووسینی:لوقمان بیارەیی
لە کۆڕەوەکەی بەھاری ساڵی 1991دا ئەوەندە وتیان: ھاااات! تا لە پێچەکانی نێوان«تەوێڵە و بیارە»کابرایەک بەڕازیلیە ھەشتاوشەشە قەیتانەکەی بە مەمنونی گۆڕیەوە بە نێرەکەرێکی دێزی جوتەوەشێن! دوواییش دەرکەوت ھیچ نەھات، ئەو شوێنەشی کە بۆی ھاتبوو بە شەقی یوئێن گەڕاندیانەوە، ھەر بە جیدی ئێستاش ڕاگەیاندن و سوشیال میدیا خەریکە ئایفۆنەکەی دەستمان پێبدەن بە دەمامکێک! ئاخر ئەگەر دەمامک ڕێگەیەکی باشی خۆپاراستن بێت دەیکڕین وەلێ بە گران نا، ئەگەر گران بوو، چی زۆرە جامەدانی و لەچک و کلینکس دەیانکەینە دەمامک و ئاھ، خۆ دەمامکی بازرگانەکان قیناعی کیمیایی نییە تا مەجبوری کڕینی بین، ئەوانیش ھەر پەڕۆ و ماددەی کلینکسن، جگە لەوەش خۆ کوردستان سیبریا نییە، دووھەفتەی تر ئەوەندە گەرم دەکات ھەم کۆرۆنا پێش ئەوەی بگاتە ئێمە فجوق دەکات، ھەم دەبێت موبەریدەش وەک دۆشکە لە سەر بان دابمەزرێنین...
کۆمەڵگەی تەقلیدی و دواکەوتوو شەڕ و گرانی و بوومەلەرزە و لافاو و زریان، تاعوون و چاوەقووڵە، دەردەمریشک و سیل و سندان تێدەپەڕێنێت، بەڵام ناتوانێت دەردەگەمژەیی تێپەڕێنێت، کۆرۆنا مەترسی نییە گەمژەیی مەترسییە کە وەک ڕەگی گولی وایە و تا گرەنتی تاڵکردنی ژیانی نەوەکەشی نەکات لە قونی مرۆڤ نابێتەوە!
لە وڵات و کۆمەڵگەی عەقڵدا بۆ ھەر کۆستێک ھیممەتێک دەکەن، قاتەجلێکی زیادە، زۆپایەک، عەسارەیە ئیتر شتێک وەک ھاوکاری دەبەخشن، بەڵام لێرە نوکتەی لە سەر دروست دەکەن و باخەڵی پێپڕ دەکرێت، نازانم ئەگەر گەمژەیی نەبێت ھەڕەشەی نەخۆشییەک کە لەمێژوودا وێنەی نەبووە کوێی مایەی نوکتە و پێکەنینە، بوومەلەرزە و قەیران و حیساری دوژمن کوێی مایەی پێکەنینە، ئێمە ھەر پێدەکەنین لە کاتێکدا دەبو بۆ حاڵ و عەقڵی خۆمان قوڕمان بپێوایە!
باشە دەمامک چییە تۆ بچیت بیكڕی و خەڵکی پێدەوڵەمەند بکەیت، مەلایەکی لای ئێمە ھەبوو دەیوت: لاسامەئەڵڵا بێتو ئەم ئایەتە ڕاست بێت تاقمان ناچینە بەھەشت! دەی بەخوا بێتو کۆرۆناش ڕاست بێت دەمامک تاقمان ناپارێزێت، بەڵام تا ئێستا ھەرچی ھەیە و ھەرچی دەوترێ تەنھا ڕاگەیاندنە و بەس، ئاخر ئێمە وادەزانین ڕاگەیاندن تەنھا بۆ کۆکردنەوەی مێگەل دەبێت لە دەوری سیاسەت، بابە ڕاگەیاندن ھەر خۆی بزنسێکی زەخمە و باخەڵ و مێشکی ھەرکەس طوت دەکات ئەگەر ھۆشی لای خۆی نەبێت!
تکایە ڕێنمایی بە ترساندنی خەڵک نابێت، ڕاست دەکەن خەڵک ھوشیار بکەنەوە، فێری بکەن لەمەولا ژیان فرەسەقافەتە، سەقافەتی سیاسی، سەقافەتی تەندروستی، سەقافەتی وەرزشی، سەقافەتی خواردن و خواردنەوە، سەقافەتی گەشت و سەیران، سەقافەتی کار و کەسابەت، سەقافەتی ھەڵسان و دانیشتن، ھاژوشتنی سەیارە و عەرەبانە، زۆر سەقافەتی تر کە ئێمە ھێشتا نایانزانین .
Luqman Biyarae