یەکەم لێدوان لە حکومەتەوە لەبارەی کەیسی منداڵە حەوت ساڵانەکەی هەولێر
لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوو چەند کەسێک "دەستدرێژییان کردە سەر کچێکی تەمەن حەوت ساڵان"، گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران دەڵێت، "جێگری سەرۆکوەزیران بەدواداچوونی بۆ دۆسییەکە کردووە و لەلایەن پارێزگاری هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەوە دڵنیاکراوەتەوە کە رێکاری یاسایی پێویست گیراوەتەبەر".
لە راگەیێندراوێکدا سەمیر هەورامی، گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەشکردووە، "هاووڵاتیان دڵنیادەکەینەوە کە هیچ نەرمی نواندن و چاوپۆشیکردنێک بەرامبەر تێوەگلاوانی ئەم تاوانە قێزەونە.. قبووڵ ناکرێت".
دەقی راگەیێندراوەکەی گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:
لێدوانێك لەبارەی تاوانی دەستدرێژی کردنەسەر کچێکی تەمەن ٧ ساڵان لەھەولێر
سەبارەت بە تاوانی قێزەونی دەستدرێژی کردنەسەر کچێکی تەمەن ٧ ساڵان کە ویژدانی هەموومانی بریندارکرد، بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران بەدواداچوونی بۆ دۆسیەکە کردووە و لەلایەن بەڕێز پارێزگاری هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەوە دڵنیا کراوەتەوە کە رێکاری یاسایی پێویست گیراوەتەبەر.
تا ئێستا تاوانبارێک گیراوە و چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەکات و لێکۆڵینەوەش لەگەڵ چەند گومانلێکراوێکی دیکە لە دۆسیەکەدا بەردەوامە.
هاوڵاتیانیش دڵنیا دەکەینەوە کە هیچ نەرمی نواندن و چاوپۆشیکردنێک بەرامبەر تێوەگلاوانی ئەم تاوانە قێزەونە کە لە نیسانی ساڵی ٢٠١٩دا روویداوە قبوڵ ناکرێت.
سەمیر هەورامی
وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران