دوای چەند ساڵێکی تر سروشت و جوانی ئاسمان بەتەواوی دەشێوێت..!
چۆن و کێ ئەو کارە دەکات؟
بەداخەوە لە چەند ساڵی داهاتوو، بەتایبەتیش دوای دە بۆ پانزە ساڵی تر تابلۆ جوانەکەی ئاسمان و ئەستێرەکان بۆ چاوی ئێمە لەسەر ڕووی زەوی بۆ هەتا هەتایە دەشێوێنرێت و دەگۆڕێت..!
لای من ئاسمانی شەوێکی تەواو تاریک یەکێک لە جوانترینی ئەو دیمەنانەیە کە چاوی مرۆڤ بتوانێت بیبینێت، کەچی ئەو دیمەنە جوان و سروشتیە لەچەند ساڵی داهاتوو و بەدواوە بەتەواوی دەشێوێنرێت..!
ئەگەر تا پێش ساڵێکیش لە شەوێکی بێ مانگی زۆر تاریکدا بچوویتایە بۆ دەرەوە و تەماشای ئاسمانت بکردایە تەنیا دیمەنی ئەستێرەکانت دەبینی لەگەڵ ڕێی کاکێشان، جار جارە تەنێکی پرشنگداری جوڵاوەشت دەبینی کە بەشێوەی ئەستێرەیەکی جوڵاوە دەهاتە بەرچاو، ئەو تەنە جوڵاوانە مانگە دەستکردە نزمەکان بوون کە لەلایەن هەندێ ووڵات بۆ کاری سیخوڕی یان چاودێریکردنی کەش و هەوا بەکاردەهێنران، ئەگەر لە ئێوارەوە تا بەیانی تەماشای ئاسمانت بکردایە کەمتر لە 200 لەو سەتەلایتە جوڵاوانەت دەبینی...
بەڵام لە ساڵی پارەوە چیڕۆکەکە بەتەواوی گۆڕا، تەنیا لە چەند مانگی ڕابردوودا کۆمپانیای SpaceX ی ئەمەریکی پتر لە 240 مانگی دەستکردی هەڵدا لە چوارچێوەی پڕۆژەی Starlink بۆ دابینکردنی ئینتەرنێتی زۆر خێرا بۆ هەموو کونج و بستێکی سەر گۆی زەوی، تەنیا ئەم پڕۆژەیە کە لەچەند ساڵی داهاتوودا بەتەواوی جێبەجێ دەکرێت پێویستی بەهەڵدانی پتر لە 12000 مانگی دەستکردی ترە، لەکۆتاییشدا سپەیس ئێکس ژمارەی سەتەلایتەکان دەگەیەنێتە پتر لە 42000 سەتەلایت..!
کۆمەڵێک کۆمپانیای تریش بەتەمان هەمان کار بکەن...!!!
دیمەنی ئاسمان ئەوساکه چی لێدێت؟
ئەو کاتە ئەگەر لەشەوێکی تاریکدا بچیتە دەرەوە ئەوا جگە لە ئەستێرەکان کە بەوەستاوی دەردەکەون لە ئاسمان بۆ چاوی ئێمە، جگە لەوان لەیەک کاتدا سەدەها و بگرە هەزارەها مانگی دەستکردی جوڵاوە وەکو شەمەندەفەر بەدوای یەکدا لەئاسمان دەبینرێن، ئەو سەتەلایتانە بەشێوەی زنجیرەیەک لە ئەستێرەی پرشنگداری لەیەک بەستراو و جوڵاوە دەبینرێن لەئاسمان بۆ چاوی ئێمە، ئەو کاتە دیمەنی ئاسمان بەتەواوی دەشێوێنرێت..!
کاریگەریە هەرە خراپەکان چی دەبن؟
جگە لە شێواندنی سروشت و جوانی ئاسمان، ئەم هەموو مانگە دەستکردە ئەم سێ کاریگەریە خراپ و ترسناکیشیان دەبێت:
یەکەم: ڕێگریەکی گەورە دەبن لەپێش چاودێری کردنی گەردوون لەسەر ڕووی زەویەوە، سەرئێشەیەکی گەورە دروست دەکەن بۆ گەردوونناسان، بۆ نمونە ئەگەر تۆ گەردوونناسێک بیت و چاودێری ئەستێرەیەک یان تەمێک یان ڕووبەرێکی ئاسمان بکەیت بۆ چەند کاتژمێرێک ئەوا کت و پڕ تەنێکی پرشنگدار بەپێش چاوی تەلەسکۆپەکەت دا دێت و پێوانەکان دەشێوێنێت، هەموو ئەو پێوانانە پێویستیان بەڕاستکردنەوە دەبێت، هەندێک پشکنینیش تەنیا دەتوانرێت لەدەرەوەی گۆی زەوی بکرێت..!
دووەم: لە ئەمەریکا ووتەیەک هەیە دەڵێت هەرشتێک بچێتە ئاسمان دەبێ دواتر بکەوێتە خوارەوە، ئەمە بۆ سەتەلایتەکان بەتەواوی ڕاستە بەتایبەتی ئەم جۆرە سەتەلایتە نزمانە کە تەمەنیان کەمترە، ئەوانە یان خۆیان دەکەونە خوارەوە یان دەبێت بهێنرێنە خوارەوە، سپەیس ئێکس دەڵێت کۆنتڕۆڵی تەواومان بەسەر هەموو سەتەلایتەکان دەبێت و هەرکاتەی بمانەوێت هەر کامێکیان بهێنینە خوارەوە ئەوا بەبێ زیان لەسەر زەریای هێمن دەیخەینە خوارەوە، بەڵام لەم هەزارەها سەتەلایتە ئەگەری ڕوودانی هەڵە زۆرە، لەکاتی کەوتنە خوارەوەشیان بەسەر شار و شوێنە ئاوەدانەکان مەترسی زۆر دروست دەکەن...
سێیەم: لەبەرئەوەی ئەم مانگە دەستکردانە بۆشایی ئاسمانی دەوری گۆی زەوی قەرەباڵغتر دەکەن، بۆیە مەترسی دروست دەکەن لەسەر گەشتە ئاسمانیەکان و وێستگەی ئاسمانی، بۆشایی ئاسمانی دەوری گۆی زەویش پیستر دەکەن..!
لوقمان حەوێز