با ڕاستیەكان بخەینە ڕوو
نووسینی:پشتیوان جاف
من ھەر لە یەكەم ساتەوە دەمگوت ئامانج بابانی تیرۆر كراوە بەڵام زۆرینە دەیانگوت نەخێر تاوانەكە خۆكووژی بووە.
من ڕۆژنامەنووسم و دادوەر نیم، ناتوانم لە خۆمەوە بڕیار بدەم لە سەر كەیسێك كە نزیكی نەبووم یاخود بەدواداچوونی وردم لە سەر نەكردبێت .
بەڵام لام زۆر سەیر بوو، كاتێك كە ڕووداوەكە ڕوویدا پاش چەند خولەكێك كەناڵی یەكێتی KurdsatNews بڵاوی كردەوە كە بە پێی وتەی پۆلیسی سلێمانی، ئامانج بابانی خۆی كوشتووە. ھێشتا ھەموومان لە شۆكدا بووین لە بیستنی ئەو ڕووداوە ناخ ھەژێنە و باوەڕمان بە ڕووداوەكەیش نەدەكرد، بەڵام پۆلیسە لێھاتووەكان و زیرەكەكانی سلێمانی، پێش پشكنین، ڕایانگەیاند كە ڕووداوەكە خۆكوژی بووە.
لە ھیچ وڵاتێكی جیھاندا، تەنانەت لە مۆزەمبیقیشدا، ھیچ كەسێك بۆی نیە لە خۆیەوە بڕیاڕ دەربكات، پێش ئەوە پشكنینی تایبەت نەكرابێت، پێش ئەوەی پزیشكی دادوەر ڕاپۆرتی تایبەتی ئامادە نەكردبێت، پێش ئەوەی بە وردی بەدواداچوون نەكرابێت. بەڵام دیارە پۆلیسی سلێمانی زۆر پێشكەوتوون و دیارە پێش ھەمووان ھۆكارەكان دەزانن.
لە بیرمان نەچێت، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی ھەرێم خودی خۆی ڕایگەیاند كە سەرپەرشتی لێكۆڵینەوەكان دەكات تاكو ھەموو شتێك ڕوون بكاتەوە.
من دەپرسم، كاكی سەرپەرشتیار، ئەو 4 قاوانە كە دۆزراوەتەوە ھی كێیە؟ دەمانچەكە لە كوێیە؟
ئایە جەنابت وەك سەرپەرشتیاری ڕووداوەكە، ئاگات لەم 4 قاوانە ھەیە؟
ھەر بۆ ڕای گشتی: لە وڵاتی یۆنان پێش چەند ساڵێك ، گۆرانیبێژێكی بەناوبانگی ئەم وڵاتە لە گەڵ دوو ئافرەتدا تووشی ڕووداوێكی ھاتووچۆ بوون كە تێیدا تەنھا گۆرانیبێژەكە گیانی لەدەستدا. ھیچ دەزگایەكی حكومی یۆنان، یاخود بەرپرس، وەزیر، تا چەند مانگێكیش دوای ڕووداوەكە لێدوانی نەدا و كەس لە خۆیەوە بڕیاری پێش وەختەی لە سەر ڕووداوەكە دەرنەبڕی ، تا پسپۆڕان و پزیشكەكان ڕاپۆرتی تایبەتی خۆیان بڵاو كردەوە دوای لێكۆڵینەوەیەكی زۆر ورد لە سەر ڕووداوەكە.
وێنە