ئەمەریکا بە فەرمی هێزی بۆشایی ئاسمانی دروستکرد..!
ئەمەریکا ئەم هێزە لە چیدا بەکار دەهێنێت؟ ساڵانە چەندی بۆ تەرخان دەکات؟
حکومەتی فیدڕالی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە فەرمی دەستی کرد بە دروستکردنی هێزێکی سەربازی ئەمەریکی نوێ بەناوی هێزی بۆشایی ئاسمان United.States.Space.Force، ئەمەریکا یەکەم ووڵاتە هێزێکی لەم جۆر و شێوەیەی هەبێت، ئەمەش دەبێتە بەشی شەشەم لەناو هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا کە ئێستا لە پێنج بەش پێک دێت و ئەمانەن: سوپا، هێزی دەریاوانی، هێزەکانی مارینز، هێزی ئاسمانی لەگەڵ هێزی پاسەوانی کەنارەکان...
کارە سەرەکیەکانی هێزی بۆشایی ئاسمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چی دەبن؟
- پاراستنی هەموو کەشتیە ئاسمانی و سەتەلایتەکانی ئەمەریکا لە بۆشایی ئاسمان بە تایبەتی لەکاتی بەدیکردنی هەر مەترسیەک یان ڕوودانی شەڕێکی ئاسمانی لەگەڵ ووڵاتە نەیارەکان وەکو چین یان ڕووسیا، بە کورتی ئەم هێزە ئەرکی چاودێری کردن و پاراستنی هەموو ئەو کەشتی و سەتەلایت و کەل و پەلانەی ئەمەریکا دەبێت کە لە بۆشایی ئاسمانن لە ئێستا و لە داهاتوودا...
- پاککردنەوەی بۆشایی ئاسمانی دەوری گۆی زەوی لەو پارچانەی کە بەرهەمی گەشتە ئاسمانیەکان بوون یان لەکارکەوتوون...
- ڕێکخستنی کاری ئەو کۆمپانیا و لایەنە تایبەتیانەی کە دەیانەوێت لەمەودوا کار و پرۆگرام لە بۆشایی ئاسمان جێبەجێ بکەن...
- خۆئامادەکردن بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی هەر مەترسی و هەڕەشەیەک کە لە بۆشایی ئاسمانەوە بەرەو گۆی زەوی بێت، ئەگەر ئەو هەڕەشە و مەترسیانە بریتی بن لە کلکدارەکان یان هەسارۆکە مەترسیدارەکان کە بەرەو ڕووی زەوی دێن، یان هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی تر بۆ سەر گۆی...
بەپێی هەندێک زانیاری و لێکدانەوەی ڕۆژنامەوانی لە ئەمەریکا، هەردوو ووڵاتی ڕووسیا و چین خاوەنی پرۆگرامی پەرەپێدانی هەندێک چەکن کە دەتوانن لە کاتی جەنگدا زیان بەو سەتەلایت و کەشتیە ئاسمانیە ئەمەریکیانە بگەیەنن کە بە دەوری گۆی زەویدا دەخولێنەوە، لەبەر ئەوە ئەم هەنگاوەی ئەمەریکا بە پلەی یەکەم بۆ خۆ ئامادەکردن و رووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسیە دادەنرێت...
لە بودجەی ساڵانەش بۆ ساڵی داهاتوو بڕی 15.4 ملیار دۆلار بۆ ئەم هێزە تەرخان دەکرێت، ئەمەش دەگاتە نزیکەی 60% ی بودجەی ساڵانەی ناسا...
وێنەکەش لۆگۆی هێزی بۆشایی ئاسمانە...
لوقمان حەوێز