هەتاو-کەرکوک
بەپێی نووسراوی ژمارە (٤۳٦۲)، کەبەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزموونەکانی سەربەوەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کەرکوک و بەشی خوێندنی کوردی کەرکوک کراوە و واژۆی کەریم لەتیف ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی ئەزموونەکانی لەسەرە ، ئاماژەی بەوەداوە کەوا حکومەتی عێراق ڕەتی کردۆتەوە بژمێر(حاسیبە) لەتاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی شەشی ئامادەیی بەکاربهێندرێت.
لەنووسراوەکەدا، کەکۆپییەکی بۆهەتاو نێردراوە، ئاماژە بەوەدراوە دوابەدوای پەیوەندی کردن بەوەزارەتی پەروەردەی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق و بەڕێوەبەراتی گشتی بۆساڵنامە و تاقیکردنەوەکانی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق، ڕەزامەندی نەدرا لەسەربەکارهێنانی بژمێر(حاسیبە) لەتاقیکردنەوە گشتییەکانی قۆناغی ئامادەیی بۆبەڕێوەبەرایەتی خوێندنی کوردی لەپارێزگای کەرکوک.
لەبەشێکی تری نووسراوەکەدا ئاماژە بەهۆکارەکان کراوە و هۆکارەکانی بۆزۆربوونی حاڵەتی گزی(قۆپییەکردن)ـی خوێندکاران گەڕاندووەتەوە، وئاماژەشی بەوەداوە شێوازی پرسیارەکانی هەردوو وانەی(کیمیا و فیزیا)پێویست بەبەکارهێنانی بژمێر(حاسیبە) ناکات.
ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی بژمێر(حاسیبە) لەلایەن بەغداوە لەکاتێکدایە ئەم ساڵ بەشێک لەخوێندکارانی پۆلی شەشی ئامادەیی لەتاقیکردنەوەکانی وزاری کۆتایی ساڵ لەدژی ڕێگەنەدان بەبەکارهێنانی بژمێر(حاسیبە) تاقیکردنەوەکانی هەردوو وانەی (کیمیا و فیزیا)ـیان دواخست.
ئـ،و

