سینەمایەکی بچوک لەکتێبخانەیەکی کەرکوک کرایەوە.
هەفتەی ڕابردوو سینەما دیالۆگ لەناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری دیالۆگ کرایەوە.
سینەماکە لەڕێگای داتاشۆیەکی بچووکەوە شوێنی نزیکەی ۱۰۰کەس لەخۆدەگرێت.
محمد بارزان ناسراو بەحەمەی شانۆ سەرپەرشتیار و سەرۆکی گروپی شانۆیی دیالۆگ لەبارەی کردنەوەی سینەمای دیالۆگەوە بۆسایتی هەتاودەڵێت: "دانانی ئەم سینەمایە خۆی گرنگە، چونکە لەساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو لەم شارەدا زیاتر لەشەش بۆ حەوت هۆڵی سینەمایی لەشاری کەرکوک بوونی هەبووە، بەڵام بەهۆی جەنگ و کاریگەرییەکانی و پاش هاتنی سیستەمی سەرمایەداری هەموو ئەو سینەمایانە ڕووخێندران و کران بەشوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل بۆیە ئێستا ئێمە وەکو گروپی شانۆیی دیالۆگ و وەک هەوڵێک بۆزیندووکردنەوەی سینەما لەشارەکەماندا ئەمانەوێت هەفتانە لەڕێی ئەم سینەما بچکۆلانەیەوە چەند فیلمێکی سینەمایی نمایش بکەین".
لەبارەی جۆری فیلمەکانەوە حەمەی شانۆ باس لەوەش دەکات، کەفیلمەکان زیاتر کۆمەڵایەتی و ڕۆمانسی و تراژیدین، وتیشی هەفتەی دوو ڕۆژ فیلم پەخش دەکرێت و ڕۆژانی یەکشەم فیلمی فارسی و ڕۆژانی چوارشەمیش تایبەتە بەفلیمە جیهانییەکانی هۆڵیود.
یەکێک لەو فیلمانەی، کەلەسینەماکەدا پەخشکرا فیلمی سینەمایی یاری بەخت بوو، کەفیلمێکی فارسییە و باس لەچیرۆکی خۆشەویستی کچ و کوڕێکی فارس دەکات لەوڵاتی ئێران، کاتێک کچەکە بۆمەبەستی کارکردن لەلایەن کۆمپانیایەکەوە دەبرێتە وڵاتی ئیماراتی عەرەبی و لەوێشەوە لەلایەن شێخەکانی عەرەب و دەوڵەمەندەکانی ئەو وڵاتەوە بۆمەبەستی سێکسی بەکاری دەهێنن و کچەکەش بۆئەوەی ڕادەستی حەزی سێکسی ئەوان نەبێت پەنادەباتە بەرخۆکوشتن و بەرپرسانی وڵاتی ئێرانیش لەئاست ئەو کارە بێدەنگی هەڵدەبژێرن و کوڕەکەش بۆتۆڵەسەندنەوەی خۆشەویستەکەی ڕوو لەوڵاتی ئیمارات دەکات و هەموو ئەو کەسانە دەکوژێت، کەهۆکاربوون بۆخۆکوشتنی خۆشەویستەکەی.
فیلمی یاری بەخت ساڵی ۲۰۱۸ بەکولێتی هێچ دی بەرهەم هێندراوە و ماوەی فیلمەکە ۱۰۷خولەکە و چیرۆکی فیلمەکە لەلایەن هەریەکە لە (محمد حسێن مەهداویان و ئیبراهیم ئەمینی)یەوە نووسراوەتەوە و لەلایەن محمد حسێن مەهداویان کاری دەرهێنانی بۆکراوە و هەریەکە لە(ساعد سوهیلی و هادی حیجازیفر و حەمید فروخنەژاد و جەواد عزەتی و نادر سلێمانی و مەهدی زەمینپەرداز و عەلی ڕەزا ئوستادی و مەهسا باقری و زیبا کەرەم عەلی) ڕۆڵیان تیای بینیووە.
محمد جومعە یەکێکە لەئامادەبووان و بینەری فیلمەکەبوو، لەبارەی فیلمەکە و بیرۆکەی دانانی سینەمایەکی بچوک لەنێو کتێبخانەیەک محمد بۆسایتی هەتاو دەدوێت و دەڵێت: "بەڕاستی کردنەوەی سینەمایەکی لەم جۆرە کارێکی جوان، هەرچەندە لەماوەی ڕابردوو دا شوێنی پەخشکردنی سینەما لەکەرکوک کەم بوو وە سینەما لەم شارە بەرەو لەناو چوون دەچوو، بەڵام وردە وردە واخەریکە کۆدەبینەوە و دەبینم گەنجەکانمان کاری جوان دەکەن بەڕاستی من سەر بەرزم پێیان هەرچەندە من یەکەم جارمە ئامادەبم، بەڵام فیلمەکان سەرنج ڕکێش و ناوازەن".
محمد وتیشی: "لەڕاستی دا سینەما دەبێت شوێنی تایبەت بەخۆی هەبێت بەڵام ئێمە لەم شارەدا شوێنی تایبەتمان نییە واتا لەشاری کەرکوک شوێنمان کەمە، هەرچەند لێرەش کارێکی جوانیان کردووە".
ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری دیالۆگ لەکۆتاییەکانی مانگی ئابی ساڵی ۲۰۱٦ دامەزراوە و لەئێستادا لەدوو لق پێکهاتووە و لەلقی یەکەمیان لەشەقامی کۆماری و لقی دووەمیشیان لەنێو بینای سەنتەری ڕۆشنبیری کەرکوکە و لەماوەی سێ ساڵی کارکردنی دا چەندین چالاکی ڕۆشنبیری هونەری وئەدەبی بۆڕۆشنبیران و گەنجانی شارەکە ئەنجام داوە.
لەکەرکوکەوە بۆســـــایـــتی هەتاو-ئــــــــــ کــــــــــ م ــــــــــا وەزیری.

