پەیڤێك بۆ دایکە کوژراوەکە
دایك مناڵەکەی خۆی وەکو پارچەیەك لە جەستەی خۆی ئەبینێت ..
نۆ مانگ و نۆ رۆژ جەور و ناخۆشی و ئازار دەکێشێت مناڵەکەی لە مناڵداندا ھەڵدەگرێت ..
زۆر جار ژیانی ئەکەوێتە مەترسیەوە لەبەر دووگیانبوونی بە مناڵێکەوە ..
کاتێك مناڵەکەی لە دایك ئەبێت پێی ئەڵێت ڕۆڵەکەم ، جەرگەکەم ، جگەرگۆشەکەم ، ھەموو ژیانم ..
پێی ئەڵێ مەرگی من پێش مەرگت کەوێ !!
بەرگەی سەرمای زستان و گەرمای ھاوین و ھەموو ناخۆشیەکی ژیان دەگرێت لە پێناو پەروەردەکردنی مناڵەکانیدا ..
دایك ھەیە ھاوسەرەکەی بۆی خراپە و توندوتیژە لەگەڵیدا بەڵام لەبەر خاتری مناڵێکی یان مناڵەکانی بەرگە دەگرێت ، ئارام دەگرێت خۆی دەکاتە قوربانی !!
من تێناگەم ئەم کوڕە چ جۆرە بوونەوەرێك بووە ھێندە بێ وێژدان و دڕندە و بەربەری بووە دایکی خۆی بەو شێوە دڕندانەیە کوشتووە !!؟
لە پای چیدا تۆڵەی چی لێکردۆتەوە!؟ لەبەرئەوەی باش بەخێوی نەکردووە رەنج و شەونخونی نەکێشاوە تا ئەم مەخلوقەی ھێناوەتە ژیان !؟
ئەستەمە زۆریش ئەستەمە باوەربکرێت مناڵێکی وەحشی ئاسا دایکی بکوژێت و دەم و چاوی بشێوێنێت !؟ بە تەوراس دەم و لوتی لێبکاتەوە و ھەردووچاوی دەربھێنێت و ھەتکی بکات !!؟؟
چ داتەکینێکە لە ھەموو پێودانگ و مرۆڤایەتیەك چ کارەساتێکە دایکێك باجی میھرەبانیەکانی وەربگرێت !؟
دایکەکان ببورن ئێوە ئازارتان خوارد ، دڵتان ڕەنجا بە رەفتاری تیرۆریستانەی کوڕێك بۆ دایکەکەی !!
ئەوە کوڕ نیە مرۆڤ نیە ، گوناحە ناوی مرۆڤ بێت ، ئەو بونەوەرێکی نەگریسە ...
ئارام حمەسعید
١٢ / ٦ / ٢٠١٩
