وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) لەڕێگەی بڵاوکراوەی رۆژانەی لەبارەی گرێبەستەکانی رایگەیاند: هێزی ئاسمانیی ئەمەریکا بەفەرمی هەشت فڕۆکەی F-35A دەکڕێت، کە لەبنەڕەتدا لەلایەن کۆمپانیای لۆکید مارتن بۆ تورکیا دروستکرابوون.
تورکیا لە پلانیدابوو 100 فڕۆکەی F-35A لەڕێگەی پرۆگرامی "هێرشی هاوبەشی فڕۆکەی جەنگی" بکڕێت، بەڵام لە مانگی تەممووزی ساڵی رابردوو لە پڕۆگرامەکە دەرکرا، بەهۆی ئەوەی سیستەمی بەرگریی S-400ـی لە رووسیا کڕی، لەکاتێکدا بەرپرسانی ئەمەریکا بە بەردەوامی هۆشدارییان دەدایە تورکیا ئەو سیستەمە نەکڕێت.
واشنتن دەڵێ بوونی ئەو سیستەمە رووسییە لە تورکیا جێی مەترسییە بۆ فڕۆکەی F-35 کە بە یەکێک لە نوێترین فڕۆکەی جەنگی ئەمەریکا و وڵاتانی ناتۆ دادەنرێت، نرخی هەر فڕۆکەیەکی جەنگیی F35 نزیکەی 78 ملیۆن دۆلارە.