بوونەوەرە ئاسمانیەکان
پاسۆرد چیە ؟
١- تۆماس هۆبز بەتەواوی لەو "دەسەڵاتە " سروشتیە دەترسێت کە ڕۆژێک دەشێت دەست مرۆڤ بکەوێت . بەواتایەکیتر دەسەڵاتی سروشت " مەرگ و ژیانە " و وردە
ترسەکانی دیکەش لەم دەسەڵاتە دژبەیەکەی سروشت کۆبوونەتەوە . کەوایە دەزانین
ترسی مرۆڤ لە دەسەڵاتە سروشتیەکان جیاوازە لە ترسی مرۆڤ لە دەسەڵاتە بان سروشتیەکان ، ئەو دەسەڵاتەی کە دەکرێت لەلایان بوونەوەری دیکەوە مامەڵە بکرێن.
بە قەولی تۆماس هۆبز مرۆڤ سەروەختایەک " کۆمەڵگە " دروستدەکات کە دەترسێت و دەزانێت پیویستی بە ڕێژەی زۆری هاوجنسی هەیە تا لەو ترسە ڕزگاری
بێت ، کۆمەڵگە بەرهەمی ترس و دڵەڕاوکێکانی مرۆڤە لە سروشت و ئەگەرەکانی سروشت . بەڵام لەم سەرو بەندەشدا مرۆڤ بەردەوام هەموو کار و ئەرکە نهێنیەکانی و شاردنەوەی ویستەکانی لە سروشت لە ڕێگەی ڕاز و ڕەمزەوە " پاسۆرد " دەشارێتەوە و درێژە بە ئەگەر نهێنیەکانی سوبێکت دەدات تا هەمووی وەک ئەوەی هەیە کەشف نەبێت ، بنەڕەتی هەموو کۆمەڵگەیەکیش " پاسۆردە " چوونە ناو هەرکۆمەڵگەیەک و درێژەدان بە گۆڕینی سەرزەمینەکان ، هاوشانە لەگەڵ گۆڕینی
بەردەوامی پاسۆردەکان لە سیستمی سیاسی و ئابوری کۆمەڵگەی خۆرئاوایی و تاڕادەیەکیش خۆرهەڵاتیدا .
٢- کۆمەڵگەی " سەرمایەداری " و بنەمای بزسنسەکانی جۆرە پاسۆردێکی تایبەتە ،
ڕوونتر بڵێم لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا مرۆڤ زیاتر خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی
ئەویش خاوەنی پاسۆرد بێت و بەم جۆرەش ئیدی پاسۆرد و ڕەمزەکانی هێندە شۆک نین و لە وەزیفە ئوستورەیەکەیان داماڵدراون . مۆدێرنە و سەرمایەداری مۆدێرنە
بریتیە لەوەی " بوونەوەرە ئاسمانیەکان " بهێنێتە شوێنی دەسەڵات و ئەگەر سروشتیەکان . ئیدی مرۆڤ لە ڕێگەی لاپتۆپەکەیەوە ئاگایی لەوەیە لە مۆزەمبیق
چی دەگوزەرێت و چ کارەساتیکی سروشتی ڕویداوە ، هاوکات لە ڕێگەی سۆشیاڵ
میدیاوە دەسەڵات و ڕوداوە سروشتیەکان وەک شتێکی خەیاڵی و مەجازی سەیر دەکرێت و دەچێتە قاڵبی " ئەفسانەی مۆدێرنەوە ." بنەماکانی پاسۆرد لە سیاسەت و
ئابوری سیاسی و دەزگا سیخوڕیەکانەوە درێژ دەبێتەوە بۆ بوونەوەرێکی ترساوی
سەرلاپتۆپێک ، بەمەش هەمووان چاوەڕوانی ئەگەرێکیدیکەن لە دوای ئەگەر سروشتیەکانەوە و تێدەگەین هەموومان نهێنیمان هەیە لەم جیهانەی ئێستادا و هەمووشمان خەسڵەتەکانی سیخوڕ بوون و کۆبوونەوەی کۆمەڵگەی " هۆبزی "
بۆ کۆمەڵگەیەکی مەجازی مۆدێرنە وەک پێویستیەک دەبینین ، ئامیرەکان و
سیخوڕی نهێنی و وەهمی و سینەماکان و داتای کۆمپانیاکان ئەو بوونەوەرە
ئاسمانیانەنن کە ئیدی سەروکارمان لەتەکیاندا هەیە .
٣- پاسۆرد بریتیە لە کۆد و شیفرە ، بریتیە لە زمانێکی میتافۆڕ و لێک ترازاو ، کە بۆ شیکردنەوەیان دەبێت یان هاوبەشی هەمان پاسۆرد بیت یاخود ماتماتیک زانێکی
باش بیت . ئیدی لە ئەشکەوتەکاندا پاسۆرد نیە بۆ ترس و تۆقین و قوربانیدان و ڕاوکردن ، بەڵکوو پاسۆردەکان دەبن بە شتی زۆر تاکە کەسی ، هەموو مرۆڤێک
پاسۆردی خۆی هەیە و لەڕێگەی ئەم پاسۆردەوە دەچێتەوە ناو ئەرشیف و یادەوەریە
نهێنیەکانی ، بەڵام ئەم جۆرە پاسۆردە تایبەتە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بوونەوەرە
مۆدێرنانەوە هەیە کە ئەترسین بێنە ناو پاسۆردەکانمان و بیان شکێنین ، ئەترسین
ئەو جیهانە تایبەتیەیی ئێمە ببڕن و هەموو نهێنیەکانمان کەشف بکەن ، ئەترسین
لەڕاز و نیهانی ناخمان تێبگەن . بوونەوەرە ئاسمانیەکان " ئەلکترۆنەکان " دەست
بەسەر هەموو خەیاڵ و میشکماندا بگرن .
نووسینی: شەنگار سابیر
